البحث

عبارات مقترحة:

الأحد

كلمة (الأحد) في اللغة لها معنيانِ؛ أحدهما: أولُ العَدَد،...

الحكم

كلمة (الحَكَم) في اللغة صفة مشبهة على وزن (فَعَل) كـ (بَطَل) وهي من...

السيد

كلمة (السيد) في اللغة صيغة مبالغة من السيادة أو السُّؤْدَد،...

ڤاڵانتاین و جه‌ژنى خۆشه‌ویستى له‌ دیدى شه‌رعدا

الكردية - Kurdî / كوردی

المؤلف تاریق مه‌لا تاهیر ، پشتیوان سابیر عه‌زیز
القسم مقالات
النوع نصي
اللغة الكردية - Kurdî / كوردی
المفردات الأعياد الممنوعة - عيد الحب
سه‌ره‌تا به‌باشى ده‌زانم هه‌ندێك باسى خۆشه‌ویستى بكه‌م به‌ مانا فراوانه‌كه‌ى، ئینجا بێینه‌ سه‌ر ڤاڵانتاین.كه‌واته‌: ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌كه‌ینه‌ دوو خاڵ: خاڵى یه‌كه‌م: خۆشه‌ویستى به‌ مانا فراوانه‌كه‌ى... خاڵى دووه‌م: رۆژى ڤاڵانتاین و مێژووى سه‌رهه‌ڵدانى...

التفاصيل

  ڤاڵانتاین و جه‌ژنى خۆشه‌ویستى له‌ دیدى شه‌رعدا     له‌كات و ساتێكدا كه‌ جیهانى رۆژئاوا به‌ خۆشحاڵیه‌وه‌ ده‌رِواننه‌ جه‌ژنى خۆشه‌ویستى و ئاهه‌نگ ده‌گێرِن به‌م بۆنه‌وه‌، به‌ڵام له‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌رِاستدا به‌تایبه‌تى له‌ وڵاته‌ عه‌ره‌بیه‌كان رۆژ له‌ دواى رۆژ توورِه‌بوون و نارِه‌زایی و خۆنیشاندان له‌ دژى گه‌نده‌ڵى و سته‌م و سیسته‌مى وڵات و سه‌رۆكى وڵات روو له‌ زیادبووندایه‌، داواى ئازادى و مافه‌كانیان ده‌كه‌ن، بۆیه‌ هیوادارین هه‌موو گه‌لانى چه‌وساوه‌ و سته‌مدیده‌ به‌ مافه‌ ره‌واكانیان شادبن و رزگاربن له‌ ده‌سه‌ڵاتى دیكتاتۆریه‌تدا. سه‌ره‌تا به‌باشى ده‌زانم هه‌ندێك باسى خۆشه‌ویستى بكه‌م به‌ مانا فراوانه‌كه‌ى، ئینجا بێینه‌ سه‌ر ڤاڵانتاین.كه‌واته‌: ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌كه‌ینه‌ دوو خاڵ: خاڵى یه‌كه‌م: خۆشه‌ویستى به‌ مانا فراوانه‌كه‌ى خاڵى دووه‌م: رۆژى ڤاڵانتاین و مێژووى سه‌رهه‌ڵدانى خاڵى یه‌كه‌م: خۆشه‌ویستى به‌ مانا فراوانه‌كه‌ى له‌ راستیدا وشه‌ى خۆشه‌ویستى به‌ مانا فراوانه‌كه‌یدا واتایه‌كى پیرۆزى هه‌یه‌، كۆمه‌ڵگاكان له‌ ژێر سایه‌یدا ده‌حه‌سێنه‌وه‌ و به‌ به‌خته‌وه‌رى ده‌ژین، خێزانه‌كان به‌ هێمنى و به‌ ئاسووده‌یی ده‌ژین، ده‌وڵه‌تان ده‌ستى برایه‌تى و هاوكارى بۆ یه‌كترى درێژ ده‌كه‌ن و خاك و نیشتمانى یه‌كترى داگیر ناكه‌ن، كاربه‌ده‌ستان به‌رامبه‌ر گه‌له‌كانیان دادپه‌روه‌ر و نه‌رم و نیان ده‌بن و نایان چه‌وسێننه‌وه‌ و به‌ ئاگرو ئاسن حوكم ناكه‌ن... هه‌ندێك له‌ گه‌نجه‌كانى ئه‌مرِۆ كه‌ باسى خۆشه‌ویستى ده‌كه‌ى، یه‌كسه‌ر بیرو خه‌یاڵى ده‌رِوا بۆ خۆشه‌ویستى نێوان كورِو كچ، واتا: بازنه‌ى خۆشه‌ویستیان ته‌سك كردۆته‌وه‌، خۆشه‌ویستى زۆر جۆرى هه‌یه‌، ته‌نها یه‌ك جۆر نیه‌: یه‌كه‌م: خۆشه‌ویستى خودا ئه‌م جۆره‌ خۆشه‌ویستیه‌ به‌رزترین و گه‌وره‌ترین جۆرى خۆشه‌ویستیه‌، مرۆڤ ده‌بێ خواى گه‌وره‌ى له‌ هه‌موو كه‌سێك خۆشتر بوێ، وه‌كو خودا ده‌فه‌رموێ: {وَمِنَ النَّاسِ مَنْ يَتَّخِذُ مِنْ دُونِ اللَّهِ أَنْدَادًا يُحِبُّونَهُمْ كَحُبِّ اللَّهِ وَالَّذِينَ آَمَنُوا أَشَدُّ حُبًّا لِلَّهِ} البقرة‌: 165، واته‌: هه‌ندێ له‌ خه‌ڵك هه‌یه‌ هاوبه‌ش بۆ خودا په‌یدا ده‌كه‌ن و به‌قه‌د خودا خۆشیان ده‌وێن، به‌ڵام ئه‌وانه‌ى خاوه‌ن برِوان خودایان له‌ هه‌موو كه‌س خۆشتر ده‌وێ. خۆشویستنى خودا قسه‌ى سه‌ر زمان نیه‌، ده‌بێ ئه‌م خۆشویستنه‌ ره‌نگ بداته‌وه‌ له‌ ژیانى رۆژانه‌ماندا و خۆمان دوور بگرین له‌ خراپه‌و تاوان، ئیمامى شافیعى ((ره‌حمه‌تى خوداى له‌سه‌ر بێ)) ده‌فه‌رموێ:     تعصـي الإلـه وأنت تظهـر حبه     هذا محال في القياس بديـع     لـو كـان حبـك صـادقاً لأطعتــه     إن المحب لمن يحب مطيــع    في كل يومٍ يبتديك بنعمةٍ منه      وأنـت لشـكر ذاك مـضيــــع   واته‌: سه‌رپێچى خودا ده‌كه‌ی و ده‌شڵێی خودام خۆشده‌وێ، ئه‌وه‌ شتێكى مه‌حاڵه‌و نابێ، ئه‌گه‌ر خۆشه‌ویستیه‌كه‌ت راست بێ، به‌قسه‌ى ده‌كه‌ى، چونكه‌ یه‌كێك یه‌كێكى خۆشبوێ به‌ قسه‌ى ده‌كا، هه‌موو رۆژێك خواى گه‌وره‌ چاكه‌ و به‌هره‌ت له‌گه‌ڵ ده‌كا، كه‌چى تۆ سوپاسى ئه‌و چاكانه‌ ناكه‌ى. به‌ڵێ / خۆشویستنى خودا سه‌رچاوه‌ى یه‌كه‌مه‌ بۆ كه‌سێك كه‌ بیه‌وێ ئه‌م سۆزو خۆشه‌ویستیه‌ له‌ جێگاى خۆیدا به‌كار بێنێ. دووه‌م: خۆشویستنى پێغه‌مبه‌ر ((درودى خواى له‌سه‌ر بێت)) له‌ دواى خواى گه‌وره‌ ده‌بێ  پێغه‌مبه‌رمان ((دروى خواى له‌سه‌ر بێت)) له‌ هه‌موو كه‌س خۆشتر بوێ، ئه‌و پێغه‌مبه‌ره‌ى كه‌ خودا هه‌ڵى بژارد بۆ رزگاركردنى مرۆڤایه‌تى له‌ هه‌موو خراپه‌كاریه‌ك و زۆرداریه‌ك، پێغه‌مبه‌ر ((دروى خواى له‌سه‌ر بێت)) ده‌فه‌رموێ: (ثلاث من كن فيه وجد حلاوة الإيمان : أن يكون الله ورسوله أحب إليه مما سواهما ، وأن يحب المرء لا يحبه إلا لله ، وأن يكره أن يعود في الكفر كما يكره أن يقذف في النار){متفق علیه}. واته‌: سێ خاسیه‌ت هه‌نه‌، هه‌ر كه‌سێك ئه‌م خاسیه‌تانه‌ى هه‌بێ، تامى برِوا ده‌كا، یه‌كه‌م: خودا و پێغه‌مبه‌رى له‌ هه‌موو كه‌س خۆشتر بوێ، دووه‌م: ئه‌گه‌ر یه‌كێكى خۆشویست ته‌نها له‌به‌ر خودا خۆشى بوێ، سێ یه‌م: زۆرى پێناخۆشبێ بگه‌رِێته‌وه‌ سه‌ر بێباوه‌رِى له‌ دواى ئه‌وه‌ى كه‌ خودا رزگارى كردووه‌، هه‌روه‌كو پێی ناخۆشه‌ فرِێ بدرێته‌ ناو ئاگر. هه‌روه‌ها ده‌فه‌رموێ: ((لا يؤمن أحدكم حتى أكون أحب إليه من والده وولده والناس أجمعين)){متفق علیه}. واته‌: كه‌سێك له‌ ئێوه‌ برِواى ته‌واو نیه‌، تا منى له‌ كورِى و باوكى و هه‌موو خه‌ڵكى خۆشتر نه‌وێ. سێ یه‌م: خۆشویستنى برِواداران ئه‌م جۆره‌ش به‌وه‌ى ده‌بێت كه‌ یه‌كێكت خۆش ویست له‌ پێناو خودا بێت، له‌ رۆژى دوایی وه‌كو له‌ فه‌رمووده‌ى پێغه‌مبه‌ردا ((دروى خواى له‌سه‌ر بێت)) له‌و حه‌وت كه‌سانه‌ى كه‌ له‌ ژێر سێبه‌رى خودا كۆده‌كرێنه‌وه‌ ((ورجلان تحابا في الله اجتمعا عليه وتفرقا عليه)){متفق علیه}. وه‌ ئه‌وه‌ى بۆ خۆت پێخۆشه‌ ئه‌وه‌شت بۆ برایه‌كه‌ت پێخۆش بێت، هه‌روه‌كو پێغه‌مبه‌ر ((دروى خواى له‌سه‌ر بێت)) ده‌فه‌رموێ: ((لا يؤمن أحدكم حتى يحب لأخيه ما يحب لنفسه)){متفق علیه}. هه‌روه‌ها مافه‌كانى یه‌كترى جێبه‌جێ بكه‌ین.   چواره‌م: خۆشویستنى دایك باوك مرۆڤ ده‌بێ دایك و باوكى خۆش بوێت و رێزیان بگرێت و هه‌میشه‌ چاكه‌یان به‌رامبه‌ردا بكات، دیاره‌ زۆر ده‌ق هه‌نه‌ له‌م بواره‌دا و زۆربه‌مان گوێ بیستى بووینه‌. پێنجه‌م: خۆشویستنى دایك و باوك بۆ منداڵه‌كانیان دایك و باوك ده‌بێت منداڵه‌كانیان خۆش بوێت و رێزیان بگرن، ئینجا دادپه‌روه‌رى بكه‌ن له‌ نێوانیاندا و جیاوازى نه‌كه‌ن، هه‌ر كاتێك دادپه‌روه‌ر نه‌بن و جیاوازى بكه‌ن له‌ نێوان منداڵه‌كانیان، ئه‌وه‌ ئه‌و خێزانه‌ دووبه‌ره‌كى و ئاژاوه‌ له‌ ناویان بڵاو ده‌بێته‌وه‌ و به‌ره‌و ئاقارێكى ترسناكدا ده‌رِۆن. شه‌شه‌م: خۆشویستنى خێزان لێره‌دا مه‌به‌ستم خۆشویستنى ژنه‌ بۆ مێرده‌كه‌ى و خۆشویستنى پیاوه‌ بۆ ژنه‌كه‌ى، بۆ ئه‌وه‌ى به‌ ئاسووده‌یی و كامه‌رانى و به‌خته‌وه‌رى بژین ده‌بێ یه‌كتریان خۆش بوێت و رێزى یه‌كتر بگرن و به‌به‌زه‌یی بن به‌رامبه‌ر یه‌كدا. وه‌ پێغه‌مبه‌ر ((دروى خواى له‌سه‌ر بێت)) خاتوو (خه‌دیجه‌) ((ره‌زاى خوداى لێبێت)) دایكى برِوادارانى خۆشویستووه‌، خۆشه‌ویستیه‌كى وا له‌ دواى مردنیشى وازى لێنه‌هێناوه‌، بۆیه‌ هه‌ر كاتێك مه‌رِێك یان بزنێكى سه‌ر برِیبا، ده‌یفه‌رموو: بانگى خزمه‌كانى خه‌دیجه‌ بكه‌ن، ئینجا خاتوو (عائیشه‌) ((ره‌زاى خوداى لێبێت)) كه‌ فه‌رمووده‌كه‌ى ده‌گێرِته‌وه‌ ده‌ڵێ: رۆژێكیان پێغه‌مبه‌رم توورِه‌ كرد گوتم: خه‌دیجه‌؟ فه‌رمووى: (( إنی قد رُزقتُ حبَّها ))( رواه مسلم 4/1888 )، واته‌: له‌ راستیدا من خۆشه‌ویستى (خه‌دیجه‌م) پێدراوه‌. وه‌ هه‌ركاتێك پێغه‌مبه‌ر گوێی له‌ ده‌نگى (هاله‌) ى كچى (خووه‌یلد) بایه‌ دڵى پێ خۆشده‌بوو، چونكه‌ ده‌نگى به‌ خوشكى (خه‌دیجه‌) ده‌چوو، بۆیه‌ ده‌یفه‌رموو: (( اللهمَّ هالة‌ بنت خویلد ))( رواه مسلم 4/1889)، واته‌: ئه‌ى خودایه‌ ئه‌وه‌ (هاله‌) ى كچى (خووه‌یلد) ه‌.  حه‌وته‌م: خۆشویستنى خاك و نیشتمان مرۆڤى موسڵمان پێویسته‌ خاك و نیشتمانى خۆى خۆش بوێت و به‌رگرى لێ بكات، ئه‌و خاكه‌ى كه‌ له‌ سه‌ریدا ده‌ژى و باب و باپیرانت له‌ سه‌رى ژیاون، ئینجا ئه‌م جۆره‌ خۆشه‌ویستیانه‌ نابێ له‌ سنوورى خۆى ده‌ربچێت و وه‌كو بتێك بپه‌رسترێت، چونكه‌ وه‌كو له‌سه‌ره‌تادا باسمان كرد مرۆڤى موسڵمان ده‌بێ خوا و پێغه‌مبه‌رى له‌ هه‌موو كه‌س خۆشتر بوێ. به‌ڵێ: ئه‌مانه‌ هه‌مووى خۆشه‌ویستین، كه‌واته‌ بازنه‌ى خۆشه‌ویستى فراوانه‌ و ته‌نها خۆشه‌ویستى كورِو كچ نیه‌.  خاڵى دووه‌م: رۆژى ڤاڵانتاین و مێژووى سه‌رهه‌ڵدانى رۆژى ڤاڵانتاین یان جه‌ژنى ڤاڵانتاین، هه‌موو ساڵیك له‌ چوارده‌ى مانگى شوبات به‌ ملیۆنه‌ها كه‌س له‌ جیهان ئاهه‌نگ  ده‌گێرِن و دیارى ده‌گۆرِنه‌وه‌ و شیرنه‌مه‌نى دابه‌ش ده‌كه‌ن و گوڵى سوور ئالوگۆرِ ده‌كه‌ن به‌ناوى (ڤاڵانتاین)، جا ده‌بێ چه‌ژنى خۆشه‌ویستى له‌ كوێوه‌ سه‌رچاوه‌ى گرتبێت و بۆچى هاتۆته‌ ناو موسڵمانان. مێژووى ئه‌و رۆژه‌ دیار نیه‌، به‌ڵام هه‌موویان ده‌زانن كه‌ مانگى شوبات مانگى خۆشه‌ویستیه‌،  رۆژى خۆشه‌ویستى وه‌كو ئێستا ده‌زانین پێك دێت له‌ چه‌ند داب و نه‌ریتێكى مه‌سیحى و رۆمانى كۆن. جا ده‌بێ ڤاڵانتاین كێ بێت و چۆن ئه‌م داب و نه‌ریته‌ له‌ جیهاندا بڵاوبۆته‌وه‌؟ كڵێساى كاسۆلیكى دان به‌وه‌دا ده‌نێن به‌لایه‌نى كه‌م كه‌وا سێ قه‌شه‌ هه‌بوونه‌ به‌ناوى (ڤاڵانتاین یان ڤاڵانتینۆ) هه‌ر هه‌موویان كوژراون. ئینجا ڤاڵانتاین زۆر قسه‌ و باسى له‌سه‌ره‌، یه‌ك له‌ ئه‌فسانه‌كان ده‌ڵێ: كه‌وا ڤاڵانتاین قه‌شه‌ك بووه‌ خزمه‌تى كردووه‌ له‌ سه‌ده‌ى سێ یه‌م له‌ رۆما، له‌و كاته‌ى كه‌ ئیمبرِاتۆرِ (كلۆدیوس) فه‌رمانى هاوسه‌رگیرى قه‌ده‌غه‌كردبوو له‌ گه‌نجه‌كان، ئه‌وانه‌ى كه‌ یه‌كتریان خۆش ده‌وێ، به‌ هه‌نجه‌تى ئه‌وه‌ى ئه‌و گه‌نجانه‌ بێنه‌ رێزى سوپاوه‌ باشتره‌ له‌وه‌ى ژن بهێنن، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ش كه‌ ژنیان هه‌بوو پێیان ناخۆش بوو ماڵ و خێزانیان به‌ جێبهێلن و بێنه‌ مه‌یدانى شه‌رِكردن، جا ڤاڵانتاین به‌ توندى دژى ئه‌و برِیاره‌ راوه‌ستا و به‌نهێنى هه‌ڵده‌ستا له‌ كڵێسا كورِو كچه‌كانى له‌ یه‌كترى ماره‌ ده‌كرد، له‌و كاته‌دا ئیمبرِاتۆرِ به‌مه‌ ده‌زانێت و فه‌رمانى له‌ سێداره‌دانى بۆ ده‌رده‌كا، وه‌ بۆ سووك كردنى سزاكه‌ى ئیمبرِاتۆرِ پێشنیارى ئه‌وه‌ى بۆ ده‌كا كه‌ واز له‌ ئایینه‌كه‌ى بهێنێت و خوداى رۆمانیه‌كان بپه‌رستێ. به‌ڵام ڤاڵانتاین ئه‌و داوایه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌، له‌ ئه‌نجامدا له‌ 14 شوبات ساڵى 270 ز یان 269 ز له‌ سێداره‌ ده‌درێ. وه‌ هه‌روه‌ها به‌سه‌رهاتى تریش ده‌گێرِنه‌وه‌ كه‌وا له‌به‌ر ئه‌وه‌ له‌ سێداره‌یان داوه‌، چونكه‌ هه‌وڵى ئه‌وه‌ى داوه‌ یارمه‌تى مه‌سیحیه‌كان بدات، بۆ ئه‌وه‌ى له‌ به‌ندینخانه‌ كوشنده‌كانى رۆمانیه‌كان رزگاریان بێت... هه‌روه‌ها ده‌ڵێن: به‌ر له (‌ (1700 ساڵ پێش ئێستا له‌و كاته‌ى كه‌ بت په‌رستى به‌ شێوه‌كى به‌ر بڵاو له‌ناو رۆمانه‌كان بڵاوببۆوه‌، یه‌كێك له‌ قه‌شه‌كانیان به‌ناوى ڤاڵانتاین هه‌ڵده‌گه‌رِێته‌وه‌ له‌ ئایینى رۆمانى و ده‌بێته‌ نه‌سرِانى، جا ده‌وڵه‌تى رۆمان كه‌ ئه‌مه‌ ده‌زانێ هه‌ڵده‌ستن له‌ سێداره‌ى ده‌ده‌ن، ئینجا كه‌ رۆژگار تێپه‌رِ ده‌بێت و رۆمانه‌كان ئایینى نه‌سرِانى وه‌رده‌گرن، له‌و رۆژه‌ى كه‌ ڤاڵانتاین له‌ سێداره‌ دراوه‌، ده‌یكه‌نه‌ بۆنه‌ و ئاهه‌نگ ده‌گێرِن، بۆ ئه‌وه‌ى یادى به‌ زیندوویی بمێنێت و په‌شێمان ده‌بنه‌وه‌ له‌ سێداره‌دانى... كه‌واته‌: له‌ راستیدا ڤاڵانتاین هه‌ر چۆنێك بێت و به‌ چ شێوه‌یه‌ك به‌سه‌رهاته‌كه‌ى بگێرِنه‌وه‌، ئه‌وه‌مان بۆ روونده‌بێته‌وه‌ كه‌ ڤاڵانتاین كه‌سایه‌تیه‌كى رۆمانسى بووه‌، هه‌وڵى ئه‌وه‌ى داوه‌ خۆشه‌ویسته‌كان بگه‌یه‌نێ به‌یه‌ك و دژى زۆردارى راوه‌ستاوه‌ تا له‌ ئه‌نجامدا خۆى كردۆته‌ قوربانى. جا ئێمه‌ باسى ئه‌و بابه‌ته‌مان نه‌ده‌كرد، چونكه‌ په‌یوه‌ندى به‌ ئێمه‌وه‌ نیه‌، به‌ڵام كه‌ ته‌ماشا ده‌كه‌ین هه‌ندێ له‌ گه‌نجه‌كانى موسڵمان تووشى ئه‌مه‌ بوونه‌، بۆیه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بیروباوه‌رِیان تێك نه‌چێت و تێكه‌ڵى بیروباوه‌رِ و هزرى بێ باوه‌رِان و كه‌سانى تر نه‌بێت، پێویسته‌ ئه‌مه‌ روون بكرێته‌وه‌ و له‌ روانگه‌ى ئیسلامدا باس بكرێت. به‌ڵێ: ئه‌م رۆژه‌ و ئه‌م جه‌ژنه‌ هیچ په‌یوه‌ندیه‌كیان به‌ موسڵمانانه‌وه‌ نیه‌، وه‌ دروست نیه‌ موسڵمان ئه‌و رۆژه‌ بكاته‌ جه‌ژنى خۆى و خۆشحاڵى ده‌رببرِێت، چونكه‌ ئه‌و رۆژه‌ په‌یوه‌ندیه‌كى به‌هێزى به‌ بیروباوه‌رِى مه‌سیحیه‌كان و رۆمانیه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌، جا كێ خاوه‌نى ئه‌مه‌یه‌؟ ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندى به‌ خۆیانه‌وه‌ هه‌یه‌، وه‌ رۆمانیه‌كان به‌ ئاره‌زووى خۆیان خوایان بۆ خۆیان داناوه‌: (خواى خۆشه‌ویستى، خواى رووناكى، خواى تاریكى، خواى رووه‌ك، خواى باران، خواى ده‌ریاكان، خواى رووباره‌كان ... هتد)، به‌ڵام مه‌سیحیه‌كان وه‌كو باسمان كرد چه‌نده‌ها به‌سه‌رهات و ئه‌فسانه‌ باس ده‌كه‌ن و له‌ ئه‌نجامدا ئه‌م جه‌ژنه‌ بۆ خۆیان ده‌گێرِنه‌وه‌، ئه‌وه‌ى ده‌یه‌وێ زیاتر له‌مه‌ بكۆڵێته‌وه‌ ده‌توانێ سه‌یرى ماڵپه‌رِه‌كانى ئینته‌رنێت بكات له‌ گوگل ئه‌نجامێكى باشى بۆ روونده‌بێته‌وه‌، هه‌روه‌ها سه‌یرى سه‌رچاوه‌ بیانیه‌كان بكات، له‌مانه‌ (دائرة‌ المعارف الكاثوليكية‌)، (الأعياد الأمريكية: لجورج)، (قصة‌ فالانتاین: لبارت)، (قصص الأعياد العالمية‌: لهنفري). له‌ راستیدا روو له‌ گه‌نجانى موسڵمان ده‌كه‌ین، ئه‌وانه‌ى جه‌ژنى ڤاڵانتاین ساز ده‌كه‌ن، پێیان ده‌ڵێن: هۆكارى ئه‌مه‌ چه‌ند شتێكه‌: 1ـ ماناى بێ هێزى باوه‌رِ ده‌گه‌یه‌نێ له‌ لاى موسڵمان. 2ـ ماناى كه‌مى رۆشنبیرى و كه‌مى به‌رچاوروونى ده‌گه‌یه‌نێت. 3ـ ماناى تێنه‌گه‌یشتن له‌ ژیان ده‌گه‌یه‌نێت. 4ـ ماناى دۆرِانى ده‌روونی و له‌ خشته‌ بردنى مرۆڤه‌كه‌یه‌ كه‌وا به‌ دروشمى زه‌ق و بریقه‌دارى هه‌ندێ له‌ راگه‌یاندنه‌كان له‌ خشته‌ ده‌چێت. 5ـ ماناى چاولێكه‌رى بێ باوه‌رِه‌كان و خۆچواندنه‌ به‌وان. جا ئایا هیچ مرۆڤێكى موسڵمان رازى ده‌بێ كه‌ ڤاڵانتاینى بێت؟ بێگومان نه‌خێر به‌ڵام به‌قسه‌ و به‌كرده‌وه‌. ئینجا له‌ كۆتاییدا ده‌ڵێن: ئه‌ى مرۆڤى موسڵمان تۆ خاوه‌ن بیروباوه‌رِێكى پاكى، كه‌ هه‌ڵقوڵاوى قورئان و سوننه‌تى راستى پێغه‌مبه‌ره‌ ((درودى خواى له‌سه‌ر بێت))، بۆ بیروباوه‌رِى خۆت ده‌گۆرِیه‌وه‌ به‌ بیروباوه‌رِى كه‌سانێك كه‌ بیروباوه‌رِیان تێك چووه‌ و شێوێندراوه‌؟، بۆ چاو له‌ پێغه‌مبه‌رى خودا ((دروى خواى له‌سه‌ر بێت)) ناكه‌ى بۆ چاو له‌ كه‌سانى تر ده‌كه‌ى؟، خودا ده‌فه‌رموێ: {لَقَدْ كَانَ لَكُمْ فِي رَسُولِ اللَّهِ أُسْوَةٌ حَسَنَةٌ لِمَنْ كَانَ يَرْجُو اللَّهَ وَالْيَوْمَ الْآَخِرَ وَذَكَرَ اللَّهَ كَثِيرًا}{الأحزاب: 21}، واته‌: له‌ راستیدا له‌ پێغه‌مبه‌رى خودا سه‌رمه‌شقى چاكه‌تان بۆ هه‌یه‌، بۆ  ئه‌وانه‌ى هیوا و ئومێدیان به‌ خودا و به‌ رۆژی دواییه‌ و ئه‌وانه‌ى زۆر یادى خودا ده‌كه‌ن. جه‌نابى ڤاڵانتاین ئه‌گه‌ر هه‌ندێ كارى چاكه‌شى كردبێت، ئه‌گه‌ر بۆ دونیاى كردبێ، ئه‌وه‌ پاداشه‌كه‌ى وه‌رده‌گرێ كه‌ خه‌ڵكێكى زۆر به‌ چاكه‌ باسى ده‌كه‌ن و ئاهه‌نگى بۆ ده‌گێرِن، وه‌ ئه‌گه‌ر بۆ قیامه‌تیشى كردبێت، ئه‌وه‌ خۆى و خوداى خۆى، ئه‌و زاناتره‌ له‌ نیه‌ت و دڵى، به‌ڵام ماناى ئه‌وه‌ نیه‌ تۆ بێی و چاوى لێ بكه‌ی و بیكه‌یه‌ ره‌مزى خۆت، پێغه‌مبه‌ر ((دروى خواى له‌سه‌ر بێت)) ده‌فه‌رموێ: ((من تشبه بقوم فهو منهم)){رواه أبو داود وأحمد}، واته‌: هه‌ر كه‌سێك خۆى بچوێنى به‌ گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌ك و لاساییان بكاته‌وه‌، ئه‌وه‌ له‌وانه‌. كه‌واته‌: ئه‌ى موسڵمان لاسایی بێ باوه‌رِان مه‌كه‌، به‌ تایبه‌تى له‌ بیروباوه‌رِدا، له‌ هه‌ندێ شتێكى چاكه‌ و زانست و ته‌كنه‌لۆجیادا ئاساییه‌ چاویان لێ بكه‌ی و له‌ خزمه‌تى خۆت گه‌له‌كه‌ت به‌كاریان بێنى، به‌ڵام له‌ بیروباوه‌رِو ئه‌و شتانه‌ى كه‌ له‌ ئیسلامدا قه‌ده‌غه‌ كراوه‌ ده‌بێ خۆتى لێ بپارێزیت.    زۆر له‌ گه‌نجه‌كان خۆیان خه‌ریك كردووه‌ به‌ خۆشه‌ویستى، به‌ڵام چ خۆشه‌ویستیه‌ك، خۆشه‌ویستى خواو پێغه‌مبه‌ر نا، به‌ڵكو خۆشه‌ویستى ئافره‌ت. جا ئایینى پیرۆزى ئیسلام خۆشه‌ویستى ئافره‌تى حه‌رام نه‌كردووه‌، به‌ڵام ده‌ست درێژى كردنه‌ سه‌ر خۆشه‌ویستى حه‌رام كردووه‌، به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت له‌ شێوه‌كان. كورِو كچ كاتێك یه‌كتریان خۆشبوێ، ئه‌گه‌ر بۆ مه‌به‌ستى خۆشه‌ویستى و عاشقایه‌تى بێ، بۆ ئه‌وه‌ى ساتێك له‌گه‌ڵ یه‌كترى راببوێرن و دووربن له‌كه‌س و كاریان و له‌ هاوسه‌رگیرى شه‌رعى، ئا ئه‌وه‌ لادانه‌ له‌ ره‌وشتى پاكى ئیسلامه‌تى، بۆیه‌ ئه‌وانه‌ى خۆیان خه‌ریك كردووه‌ به‌و جۆره‌ خۆشه‌ویسته‌ درۆو ده‌له‌سه‌یه‌، پێویسته‌ بیربكه‌نه‌وه‌ له‌ چاره‌نووس و ئاكامه‌كانى كه‌ هیچ به‌روبومێكى باشى نیه‌، تووشى سه‌رپێچى فه‌رمانه‌كانى خودا ده‌بن، له‌ كۆتاییشدا ره‌وشت و رێزیان نامێنێ و ده‌بنه‌ یه‌كێك له‌ قوربانیه‌كانى خۆشه‌ویستى. شاعیریش ده‌ڵێ: وإنما الأممُ الأخلاقُ ما بقیت     فإن هم ذهبت أخلاقهم ذهبوا  هه‌موو گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌ك به‌رِه‌وشتى به‌رز ده‌مێنن و به‌ره‌و پێش ده‌چن، كاتێك كه‌ رِه‌وشت نه‌ما، له‌ناو ده‌چن، چونكه‌ به‌ ئاسانى دوژمن زاڵ ده‌بێ به‌سه‌ریان و له‌ناویان ده‌با.    كه‌واته‌: با ئه‌و رۆژه‌ بكه‌ینه‌ رۆژى خۆشه‌ویستى بۆ خودا و پێغه‌مبه‌ر (درودى خواى له‌سه‌ر بێت) بێت و رۆژى خۆشه‌ویستى بۆ دایك و باوك و خێزان و براكان و خوشكه‌كان و مناڵه‌كان و گه‌ل و نیشتمان.