البحث

عبارات مقترحة:

المعطي

كلمة (المعطي) في اللغة اسم فاعل من الإعطاء، الذي ينوّل غيره...

القابض

كلمة (القابض) في اللغة اسم فاعل من القَبْض، وهو أخذ الشيء، وهو ضد...

الرءوف

كلمةُ (الرَّؤُوف) في اللغة صيغةُ مبالغة من (الرأفةِ)، وهي أرَقُّ...

حوكمی شه‌رعی پێشه‌كی وه‌رگرتن له‌كڕین و فرۆشتن دا (بیع العربون )

الكردية - Kurdî / كوردی

المؤلف حاجی ئومێد چروستانی ، پشتیوان سابیر عه‌زیز
القسم مقالات
النوع نصي
اللغة الكردية - Kurdî / كوردی
المفردات المعاملات - البيع
خۆشه‌ویستان له‌م بابه‌ته‌ماندا هه‌وڵ ده‌ده‌ین به‌پێی توانا ڕای ئه‌و زانایانه‌ بخیه‌نه‌ڕوو سه‌باره‌ت به‌حوكمی شه‌رعی پێشه‌كی وه‌رگرتن له‌كڕین وفرشتندا ( بیع العربون ) وپاشان ڕای په‌سه‌ندیش به‌ئێوه‌ی ئازیز ئاشنا بكه‌ین . العربون : له‌زمانی عه‌ره‌بیدا به‌ مانای " هو ما عقد به البيع من الثّمن " ئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ له‌نرخ كه‌ كڕین وفرۆشتنی پێ گرێ ده‌درێت داده‌مه‌زرێت .

التفاصيل

حوكمی شه‌رعی پێشه‌كی وه‌رگرتن له‌كڕین و فرۆشتن دا (بیع العربون) حوكمی شه‌رعیپێشه‌كی وه‌رگرتن له‌كڕین و فرۆشتن دا(بیع العربون )ئاماده‌كردنی : حاجی ئومێد چروستانیپێداچونه‌وه‌ی :پشتیوان سابیر عه‌زیز﴿ حكم بيع العربون ﴾إعداد : حاج أوميد جروستانيمراجعة : بشتيوان صابر عزيز حوكمی شه‌رعی پێشه‌كی وه‌رگرتن له‌كڕین و فرۆشتن دا (بیع العربون)سوپاس وستایش بۆ په‌روه‌ردگاری به‌به‌زیی ومیهره‌بان ودرود وڕه‌حمه‌تی به‌لێزمه‌ بۆ سه‌رگیانی پاكی پێشه‌وای مرۆڤایه‌تی وفه‌خری كائینات محمد المصطفی وئال وبه‌یت وسه‌رجه‌م هاوه‌ڵ وشوێنكه‌وتوانی هه‌تا هه‌تایه‌ .خۆشه‌ویستان له‌م بابه‌ته‌ماندا هه‌وڵ ده‌ده‌ین به‌پێی توانا ڕای ئه‌و زانایانه‌ بخیه‌نه‌ڕوو سه‌باره‌ت به‌حوكمی شه‌رعی پێشه‌كی وه‌رگرتن له‌كڕین وفرشتندا ( بیع العربون ) وپاشان ڕای په‌سه‌ندیش به‌ئێوه‌ی ئازیز ئاشنا بكه‌ین .العربون : له‌زمانی عه‌ره‌بیدا به‌ مانای " هو ما عقد به البيع من الثّمن "(1) ئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ له‌نرخ كه‌ كڕین وفرۆشتنی پێ گرێ ده‌درێت داده‌مه‌زرێت .له‌ زاراوه‌ی فیقهی ئیسلامیشدا العربون : وه‌ك ابن الاثیر ده‌ڵێت : " هو أن يشتري السلعة ويدفع إلى صاحبها شيئا على أنّه إن أمضى البيع حسب من الثمن، وإن لم يمض البيع كان لصاحب السلعة ولم يرتجعه المشتري " (2) واته‌ : ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كاڵایه‌ك بكڕرێت وشتێك له‌ نرخه‌كه‌ی بدرێت به‌ خاوه‌نه‌كه‌ی ئه‌گه‌ر هاتوو ته‌واو ڕازی بوون به‌و مامه‌ڵه‌یه‌ ئه‌وا ئه‌و پێشه‌كیه‌ به‌شێك بێت له‌نرخی ئه‌و كاڵایه‌، خۆ ئه‌گه‌ر مامه‌ڵه‌كه‌ش سه‌ری نه‌گرت ئه‌وا ئه‌و پێشه‌كیه‌ بۆ خاوه‌ن كاڵاكه‌ بێت ونه‌یگێڕێته‌وه‌ بۆ كڕیاره‌كه‌ .ئیمامی مالكیش ( ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت ) له‌ پێناسه‌ی ( العربون ) دا ووتویه‌تی: " أن يشتري الرجل العبد أو الوليدة أو يتكارى دابّة ثمّ يقول للذي اشترى منه أو تكارى منه: أعطيك دينارا أو درهما أو أكثر من ذلك أو أقلّ على أنّي إن أخذت السلعة أو ركبت ما تكاريت منك، فالذي أعطيتك هو من ثمن السلعة أو من كراء الدابّة، وإن تركت ابتياع السلعة أو كراء الدابّة فما أعطيتك لك باطل بغير شيء " (3) واته‌ : ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كه‌سێك به‌نده‌یه‌ك یان كه‌نیزیه‌كێك بكرێت یان ووڵاخێك بگرێت به‌كرێ، وپاشان به‌و كه‌سه‌ بڵێ كه‌ شته‌ی لێ كڕیوه‌ یان به‌كرێی لێ گرتووه‌ : دینارێك یان درهه‌مێك یان زیاترت ده‌ده‌مێ یان كه‌متر له‌وه‌، ئه‌گه‌ر من ئه‌و شته‌م وویست وبردم یان سواری ئه‌و ووڵاخه‌ بووم كه‌ به‌كرێم گرتوه‌ لێت، ئه‌و كاته‌ ئه‌وه‌ی داومه‌ پێت به‌شێك بێت له‌نرخی ئه‌و شته‌ یان به‌شێك بێت له‌كرێ ئه‌و وڵاخه‌ به‌كرێ گیراوه‌، خۆ ئه‌گه‌ر نه‌مویست و وه‌رم نه‌گرت یان وازم هێنا له‌و به‌كرێ گرتنه‌، ئه‌و پێشه‌كیه‌ی داومه‌ پێت بۆ خۆت ومامه‌ڵه‌كه‌مان هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌ به‌بێ هیچ شتێك .ڕاو بۆچوونی زانایانی ئیسلام له‌م مه‌سئه‌له‌یه‌دا :ڕای یه‌كه‌م : ڕای زۆربه‌ی زانایان و ئه‌هلی عیلمه‌ كه‌ پێیان وایه‌ پێشه‌كی دان له‌ كڕین وفرۆشتندا دروست نیه‌ و باطله‌، ئه‌مه‌ش ووته‌ی ئیمامی مالیك (4) وئیمامی شافعی (5) و له‌یثی كوڕی سه‌عد وسوفیانی ثه‌وری وئیمامی ئه‌وزاعی و مه‌زهه‌بی حه‌نه‌فی وابن المنذریش له‌ عه‌بدوڵڵای كوڕی عه‌باس و حه‌سه‌نی به‌صریه‌وه‌ گێڕاویه‌تیه‌وه‌ كه‌ ئه‌وانیش پێیان دروست نیه‌ (6) .ڕای دووه‌م : ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ له‌زانایان پێێان وایه‌ كه‌ پێشه‌كی دان له‌كڕین وفرشتندا دروسته‌، ئه‌میش ڕایه‌كی ئیمام ئه‌حمه‌د وجمهوری حه‌نابله‌یه‌ (7) هه‌روه‌ها له‌ناو هاوه‌ڵه‌كانیشدا عومه‌ری كوڕی خه‌تاب و عه‌بدوڵڵای كوڕی ونافعی كوڕی حارث و صه‌فوان كوڕی ئومه‌یه‌ یه‌ پێان دروسته‌(8) له‌ناو تابعیشدا زه‌یدی كوڕی ئه‌سله‌م وموجاهید وابن سیرین ونافعی مه‌ولای عه‌بدوڵڵای كوڕی عومه‌ر وسه‌عیدی كوڕی موسه‌یب پێیان دروسته‌ (9) .به‌ڵگه‌ی ڕای یه‌كه‌م ئه‌و ‌زانایانه‌ی كه‌ پێیان دروست نیه‌ :یه‌كه‌م : ‌به‌ڵگه‌ له‌قورئانی پیرۆز ده‌هێننه‌وه‌  : خوای گه‌وره‌ فه‌رموویه‌تی : ﴿ يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُواْ لاَ تَأْكُلُواْ أَمْوَالَكُمْ بَيْنَكُمْ بِالْبَاطِلِ إِلاَّ أَن تَكُونَ تِجَارَةً عَن تَرَاضٍ مِّنكُمْ  ...﴾ { النساء: 29} واته‌ : ئه‌ی ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه‌ ماڵ و سامانی یه‌کتر به‌ناحه‌ق و به‌بێ به‌رامبه‌ر مه‌خۆن له‌نێوان خۆتاندا، مه‌گه‌ر بازرگانیه‌ک بێت و له‌سه‌ر ڕه‌زامه‌ندی هه‌موولایه‌کتان بێت .قورطوبی ته‌فسیری ووشه‌ی ( الباطل ) ی كردوه‌ و ووتویه‌تی : " أي بغير حقّ ووجوه ذلك تكثر ... ومِن أكل المال بالباطل بيع العربون ... لأنّه من باب القمار والغرر والمخاطرة، وأكل المال بالباطل بغير عوض ولا هبة وذلك باطل بالإجماع " (10) واته‌ : خواردنی ماڵێك به‌ناهه‌ق ئه‌مه‌ش شێوه‌ی زۆره‌ .... جۆرێكیش له‌خواردنی ماڵ به‌ناهه‌ق بریتیه‌ له‌ پێشه‌كی وه‌رگرتن له‌ كڕین وفرۆشتندا ... چونكه‌ ئه‌چێته‌ چوارچێوه‌ی قومار كردن و نادیاری وترسناكی له‌مامه‌ڵه‌دا، خواردنی ماڵیش به‌ناهه‌ق وبه‌بێ به‌رامبه‌ر وبه‌خشین به‌ كۆده‌نگی زانایان باطله‌ .وه‌ڵامی ئه‌م به‌ڵگه‌یه‌ی جمهوریش به‌ دوو ڕوو ده‌ردێته‌وه‌ :ڕووی یه‌كه‌م : ته‌سلیمی ئه‌م به‌ڵگه‌یه‌ نابین كه‌ ( بیع العربون = پێشه‌كی دان له‌كڕین وفرۆشتن ) دا باطل ودروست نه‌بێت، تا ئه‌و كاته‌ی به‌به‌ڵگه‌ ڕۆشن ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌م به‌ڵگه‌یه‌ش به‌ڵگه‌یه‌كی عام و گشتگیره‌ وته‌نها ئه‌وه‌نده‌ هه‌یه‌ باسی ئه‌وه‌ی كردوه‌ كه‌ كڕین وفرۆشتنی باطل له‌مامه‌ڵه‌دا دروست نیه‌، وبه‌هیچ شێوه‌یه‌ك جۆری ئه‌و مامه‌ڵه‌ی باس نه‌كردوه‌ به‌ دروست نیه‌ ئه‌نجام بدرێت (11) .ڕووی دووه‌م : به‌ڵگه‌ هێنانه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ( بیع العربون = پێشه‌كی دان له‌كڕین وفرۆشتن ) دا خواردنی ماڵی خه‌ڵكه‌ به‌ناهه‌ق، ئه‌و ئیستثنایه‌ی كه‌ پاشتر هاتووه‌ ( بیع العربون = پێشه‌كی دان له‌كڕین وفرۆشتن ) داجیا ده‌كاته‌وه‌ له‌حوكمه‌ گشتیه‌كه‌ ئه‌ویش وه‌ك له‌دوایدا خوای گه‌وره‌ فه‌رموویه‌تی : ( ... إِلاَّ أَن تَكُونَ تِجَارَةً عَن تَرَاضٍ مِّنكُمْ  ...﴾ كه‌واته‌ پێشه‌كی دان له‌كڕین وفرۆشتندا ده‌چێته‌ چوار چێوه‌ی ئه‌و بازگارنیه‌ی كه‌ خوای گه‌وره‌ حه‌ڵاڵی كردووه‌ .ابن القیم یش ووتویه‌تی : " فأباح التجارة التي تراضى بها المتبايعان، فإذا تراضيا على شرط لا يخالف حكم الله جاز لهما ذلك " (12) واته‌ : بازرگانی ڕێگای پێدراوه‌ كه‌ هه‌ردوولای كڕیار وفرۆشیار پێی ڕازین، جا ئه‌گه‌ر ڕازی بوون له‌سه‌ر مه‌رجێك كه‌ پێچه‌وانه‌ی حوكمی خوای گه‌وره‌ نه‌بوو ئه‌و كاته‌ ئه‌و مه‌رجه‌ دروسته‌ .به‌ڵگه‌ی دووه‌م له‌سه‌ر دروست نه‌بوونی ئه‌م مامه‌ڵه‌یه‌ :له‌ سوننه‌تی پێغه‌مبه‌ری خودا ( صلی الله علیه وسلم ) :یه‌كه‌م :  ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ فه‌رمووده‌ زۆره‌یه‌ كه‌ ڕێگری ده‌كه‌ن له‌ ( البیع الغرر ) مامه‌ڵه‌یه‌ك كه‌ نادیاری تێدا بێت، كه‌ زانایان له‌ كتێبه‌كانی خۆیاندا بابێكی سه‌ربه‌خۆیان بۆ داناوه‌ كه‌ به‌ ( الغرر ) ناسراوه‌ وژماره‌یه‌كی زۆر له‌و كڕین وفرۆشتن ومامه‌ڵانه‌ له‌خۆ ده‌گرێت كه‌ نادیاری وغه‌ره‌ریان تێدایه‌ و هه‌ر هه‌موشیان ده‌چنه‌ ژێر ناونیشانی خواردنی ماڵی خه‌ڵكی به‌ناهه‌ق كه‌ قه‌ده‌غه‌یان لێكراوه‌، هه‌روه‌ك له‌كتێبه‌كانیاندا به‌ڕوونی ده‌رده‌كه‌وێت (13) .وه‌ڵامی ئه‌م به‌ڵگه‌یه‌شیان به‌م شێوه‌یه‌ ده‌بێت : ته‌سلیمی ئه‌م به‌ڵگه‌یه‌ش نابین ، ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و مامه‌ڵانه‌ی كه‌ غه‌ره‌ر ونادیاریان تێدایه‌ له‌ شه‌رعدا هه‌ر هه‌موویان ناسراون ومه‌رجیش نیه‌ هه‌ر مامه‌ڵه‌یه‌ك دوودڵ بیت له‌ ئیمزاكردن وفه‌سخ كردنه‌وه‌ی ئیتر ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ ( غرر ) ونادیاری تێدا بێت، هه‌رله‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌بینین ابن القیم ده‌ڵێت : " من حرّم بيع شيء وادّعى أنّه غرر طولب بدخوله في مسمّى الغرر لغة وشرعا " واته‌ : هه‌ركه‌سێك فرۆشتنی شتێك به‌حه‌رام دابنێت وبانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ بكات كه‌ غه‌ره‌ر ونادیاری تێدایه‌ ئه‌و كاته‌ داوای لێ ده‌كرێت كه‌ له‌ڕووی شه‌رع و زمانه‌وانیشه‌وه‌ بتوانێت بیخاته‌ ژێر ناوی غه‌ره‌ره‌وه‌ . چونكه‌ ( غرر ) به‌و مانایه‌ دێت كه‌ دووڵ بیت له‌نێوان دوو شتدا كه‌ به‌شی زۆرینه‌یان ترسناكترینیان بێت، ئه‌م مانایه‌ش له‌ ( بیع العربون = پێشه‌كی دان له‌كڕین وفرۆشتن ) دا ته‌حقیق نابێت، چونكه‌ دانه‌نانی كاتێك یان هه‌ڵبژاردن وخیارێكی نادیار زه‌ره‌ر ناگه‌یه‌نیت ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ عورف وعاداتی خه‌ڵكیدا به‌و شته‌ دیار وئاشكراكان داده‌نرێت . به‌ڵگه‌ی دووه‌م له‌ سوننه‌ت :ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌ كه‌ عه‌مری كوڕی شوعه‌یب له‌ باوكیه‌وه‌ ئه‌ویش له‌ باپیریه‌وه‌ گێراویانه‌ته‌وه‌:(أنّ النبي صلى الله عليه وسلم نهى عن العربان في البيع )(14) واته‌ : پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) ڕێگری كردووه‌ له‌ پێشه‌كیدان له‌ كڕین وفرۆشتندا .وه‌ڵامی ئه‌م به‌ڵگه‌یه‌شیان به‌چه‌ند شێوه‌یه‌ك ده‌بێت :أ) سه‌نه‌دی ئه‌م فه‌رمووده‌یه‌ كه‌سێكی تێدایه‌ كه‌ ناوی نه‌براوه‌ .ب) ئه‌گه‌ر چی ئه‌م كه‌سه‌ نادیاره‌ له‌رێوایه‌تی ابن ماجه‌دا ناوی براوه‌ به‌ڵام به‌كه‌سێكی لاواز دانراوه‌، ئه‌ویش له‌به‌ر عه‌بدوڵڵای كوڕی عامری ئه‌سله‌می یان ابن اللهیعة كه‌ هه‌ردوكیان دوو ڕاوی لاوازن .به‌ڵگه‌ی سێهه‌م له‌سه‌ر دروست نه‌بوونی ئه‌م مامه‌ڵه‌یه‌ :به‌ڵگه‌ی عه‌قڵ وژیریه‌ ئه‌ویش له‌دوو ڕووه وه‌ :1)پێشه‌كی دان له‌كڕێن وفرۆشتندا كه‌ به‌ ( بیع العربون ) ناسراوه‌ شه‌ریعه‌تی ئیسلام ڕێگری لێ كردووه‌ ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مه‌رجی فاسدی تێدایه‌، كاتێك كڕیار به‌ فرۆشیار ده‌ڵێت : ئه‌گه‌ر من ئه‌و كاڵایه‌ یان ئه‌و شته‌م نه‌ویست تۆ ده‌توانی ئه‌و پێشه‌كیه‌ ببه‌یت بۆخۆت (15) .2)ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له‌ ئه‌هلی عیلم پێیان وایه‌ كه‌ ئه‌م مامه‌ڵه‌یه‌ دوو مه‌رجی فاسدی تێدایه‌ (16) یه‌كه‌میان : فه‌سادی ئه‌و مه‌رجه‌ی كه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ له‌سه‌ری ڕێككه‌وتن ئه‌گه‌ر هاتوو كڕیار وازی له‌كڕینی ئه‌و كاڵایه‌ هێنا ئه‌وه‌ ئه‌و پێشه‌كیه‌ فرۆشیار هه‌ڵی ده‌گرێت بۆخۆی به‌بێ هیچ به‌رامبه‌رێك، وه‌ك له‌ پێناسه‌ی ( بیع العربون ) دا به‌ده‌رده‌كه‌وێت، دووه‌یشیان : ئه‌وه‌یه‌ فه‌سادی ئه‌و مه‌رجه‌ش كه‌ كڕیار ئه‌توانێت به‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆلای فرۆشیار و مامه‌ڵه‌كه‌ هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر ڕه‌زامه‌ند نه‌بوو له‌سه‌ری وه‌ڵامی ئه‌م به‌ڵگه‌یه‌شیان به‌م شێوه‌یه‌ ده‌درێته‌وه‌ :فه‌سادی مه‌رج له‌م مامه‌ڵه‌یه‌دا ده‌بێت به‌ ده‌قێك بسه‌لمێت، ئه‌و ده‌قه‌ش كه‌ باس له‌فه‌سادی ئه‌م مه‌رجه‌ ده‌كات وه‌ك ئاماژه‌مان پێدا فه‌رمووده‌یه‌كی لاوازه‌، یان له‌به‌ر نه‌بوونی ده‌قێكی صه‌حیح وڕاست ودروست، چونكه‌ ‌ئه‌صل و بنه‌مای هه‌موو مامه‌ڵه‌یه‌ك له‌شه‌ریعه‌تی ئیسلامدا حه‌ڵاڵی وموباحیه‌ته‌ تا ئه‌و كاته‌ی به‌ڵگه‌ وده‌قێكی راست ودروست هه‌بێت وئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ قه‌ده‌غه‌ بكات .كاتێكیش ده‌ڵێن :  (فه‌سادی ئه‌و مه‌رجه‌ش كه‌ كڕیار ئه‌توانێت به‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆلای فرۆشیار و مامه‌ڵه‌كه‌ هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر ڕه‌زامه‌ند نه‌بوو له‌سه‌ری ) هاوشێوه‌ی ئه‌م گه‌ڕانه‌وه بۆلای فرۆشیار‌ و ئیمزا نه‌كردنی ئه‌م مامه‌‌ڵه‌یه‌ له‌شه‌رعدا بوونی هه‌یه‌ به‌بی ئه‌وه‌ی قه‌ده‌غه‌شی لێكرا بێت، وه‌ك ( خیار المجلس ) و ( خیار الشرط ) كه‌ له‌هه‌ردووكیاندا كڕیار وفرۆشیار ده‌توانن مامه‌ڵه‌كه‌ هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌ یان ته‌واوی بكه‌ن، به‌هه‌مان شێوه‌ ( بیع العربون ) یش له‌و ڕوه‌وه‌ی كه‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ ئیمزاكردنی تێدایه‌ له‌ ( خیــار المجلس ) و ( خیار الشرط ) ده‌كات وشه‌ریعتیش ڕێگه‌ی به‌هه‌ردووكیان داوه ‌(17) .به‌ڵگه‌ی ئه‌و زانایانه‌ی كه‌ ده‌ڵین ( بیع العربون ) دروست وموباحه‌ :   به‌ڵگه‌ی یه‌كه‌میان : ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ له‌زانایان یه‌كه‌م به‌ڵگه‌یان ئه‌وه‌یه‌ ده‌ڵێن : ئه‌صڵ و بنه‌مای هه‌موو مامه‌ڵه‌یه‌ك له‌ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا حه‌ڵاڵی و موباحیه‌ت ودروستیه‌ ، ئه‌گه‌ر به‌ڵگه‌یه‌ك له‌ قورئان و سوننه‌تی صه‌حیح نه‌بێت كه‌ حه‌رامی بكات، وه‌ك ئه‌و ژماره‌كڕین وفرۆشتنه‌ی كه‌ به‌ڵگه‌یان له‌سه‌ر هاتووه‌ كه‌ حه‌رامن و نابێت بكرێن، به‌ڵگه‌شیان بۆ ئه‌م ووته‌یه‌یان به‌ ئایته‌ پیرۆزانه‌ ده‌هێننه‌وه‌ وه‌ك خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت : ﴿قُلْ مَنْ حَرَّمَ زِينَةَ اللّهِ الَّتِيَ أَخْرَجَ لِعِبَادِهِ وَالْطَّيِّبَاتِ مِنَ الرِّزْقِ﴾ { الأعراف : 32 } واته‌ : (ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم) پێیان) بڵێ: ئه‌وه‌ کێیه‌ پۆشاک و زینه‌ت و جوانیه‌ خواییه‌کانی له‌ به‌نده‌کانی حه‌رام کردوه‌ که‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا خۆی بۆی به‌دیهێناون؟   يان فه‌رموویه‌تی:﴿يَسْـأَلُونَكَ مَاذَا أُحِلَّ لَهُمْ قُلْ أُحِلَّ لَكُمُ الطَّيِّبَاتُ﴾{ المائده‌: 4} واته‌ : ئه‌ی محمد (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) پرسیارت لێده‌که‌ن چی حه‌ڵاڵکراوه‌ بۆیان؟ پێیان بڵێ: هه‌رچی شتێكی چاک و پاکه‌ بۆتان حه‌ڵاڵ کراوه‌ ...   وه‌ ده‌فـه‌رموێت : ﴿قُل لاَّ أَجِدُ فِــي مَا أُوْحِيَ إِلَيَّ مُحَرَّمًا عَلَى طَاعِمٍ يَطْعَمُهُ...﴾ { الأنعام:145} واته‌ : (ئه‌ی محمد (صلى الله عليه وسلم) پییان بڵێ: من نابینم و ده‌ستم ناکه‌وێت له‌وه‌ی که‌ وه‌حی و نیگام بۆ کراوه‌ هیچ خواردنێکی حه‌رامکراو له‌سه‌ر ئه‌و که‌سه‌ی که‌ بیخوات _ جگه‌ له‌وانه‌ نه‌بیت خودا حه‌رامی كردون وه‌ك گۆشتی به‌راز و مرداره‌وه‌ بوو خۆێن ویان ئه‌وه‌ی ناوی جگه‌ له‌په‌روه‌ردگاری لێ هێنرابێت - .   ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ ئایه‌ته‌ و چه‌ندان ئایه‌تی تریش به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی خوای گه‌وره‌ زه‌وی و ئه‌وه‌شی له‌ زه‌ویدا هه‌یه‌ بۆ خزمه‌تی نه‌وه‌كانی ئاده‌می ژێربار هێناوه‌، ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌صڵ و بنه‌مای دروستكراو و مه‌خلوقتای په‌روه‌ردگار حه‌ڵاڵیه‌ت و موباحیه‌ت ودروستیه‌ تا ئه‌و كاته‌ی به‌ڵگه‌یه‌كی راست وردوست دیت و له‌و حوكمه‌ ئه‌صڵه‌یه‌ی خۆی كه‌ حه‌ڵاڵیه‌ته‌ لای ده‌بات وحوكمێكی تری ده‌دات به‌سه‌ردا، هیچ جیاوازیه‌كیش نیه‌ له‌نێوان ئاژه‌ڵ وشته‌كانی تریشدا بۆ سوود وه‌رگرتنیان له‌لایه‌ن مرۆڤه‌وه‌، به‌ڵام به‌بێ ئه‌وه‌ی ببێت به‌مایه‌ی زه‌ره‌ر وزیان (18) .    به‌ڵگه‌ی دووه‌میان : له‌سوننه‌تی پێغه‌مبه‌ری خوداش ( صلی الله علیه وسلم ) به‌ڵگه‌ به‌م فه‌رمووده‌ ده‌هێننه‌وه‌ كه‌ ئه‌بو هوره‌یره‌ ( خــودای لــێ ڕازی بێت) ڕیوایـــه‌تی كــردوه‌ : ( المسلمون عند شروطهم والصلح جائز بين المـسلمين) (19) واته‌ : موسڵمانان به‌و مه‌رجانه‌وه‌ پابه‌ندن كه‌ لــه‌نێــوان خۆیاندا دایده‌نێن، هه‌روه‌ها صوڵح وڕێكه‌وتنیش دروسته‌ له‌نێوانیاندا .   هه‌روه‌ها پێغه‌مبه‌ریش ( صلی الله علیه وسلم ) فه‌رموویه‌تی : ( أحق الشروط ما استحللتم به الفروج ) (20) واته‌ : هه‌قترین مه‌رجێك ئه‌و مه‌رجانه‌یه‌ كه‌ عه‌وره‌تی ئافره‌تانی بۆ حه‌ڵاڵ كردون .   به‌ڵگه‌ی سێهه‌میان : بـه‌زاراوه‌ی زانــایـــانی أصـــول الفــقـــه پێــی ده‌وتــرێــت: (الاستصحاب) واته‌ مادام له‌ بنه‌ما و ئه‌صڵدا ئه‌م مامه‌ڵه‌یه‌ حه‌ڵاڵه‌ كه‌ واته‌ حه‌ڵاڵیه‌تیه‌كه‌ی به‌ ئیستصحابی به‌رائه‌ی ئه‌صلی وه‌رگرتووه‌، ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو مه‌رجێك له‌بنه‌مادا حه‌ڵاڵ و موباحه‌ تا ئه‌و كاته‌ی به‌ڵگه‌یه‌ك ئه‌یسه‌لمێنیت كه‌ ئه‌و مه‌رجه‌ حه‌رام وقه‌ده‌غه‌كراوه‌، به‌رای ئێمه‌ به‌ڵگه‌ی حه‌رامی له‌دانانی مه‌رجی مامه‌ڵه‌ی ( العربون =پێشكه‌ی دان ) دا نیه‌ (21) .   به‌ڵگه‌ هێنانه‌وه‌شیان به‌ سوننه‌تی پێغه‌مبه‌ری خودا ( صلی الله علیه وسلم ) له‌سه‌ر حه‌رامی ( بیع العربون ) جێگای خیلاف و ڕای جیاوازه‌، چونكه‌ به‌ڵگه‌ش هه‌یه‌ له‌ سوونه‌ت كه‌ باس له‌حه‌ڵاڵی و ڕێگاپێدانی ده‌كات، وه‌ك ئه‌وفه‌رمووده‌یه‌ی ده‌فه‌رموێت : ( أنّ النبيّ صلى الله عليه وسلم أحلّ العربان في البيع ) (22) واته‌ : پێغه‌مبـه‌ری خودا ( صلی الله علیه وسلم ) – عربون – وپێشه‌كیدانی حه‌ڵاڵ كردووه‌ له‌مامه‌ڵه‌دا، ظاهری ئه‌م فه‌رمووده‌یه‌ش به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر موباحی ئه‌م جۆره‌ مامه‌ڵه‌یه‌ له‌ كڕین وفرۆشتندا .    كۆمه‌ڵی یه‌كه‌م وئه‌وانه‌ی ئه‌م جۆره‌ مامه‌ڵه‌یه‌ به‌حه‌رام ده‌زانن وه‌ڵامی ئه‌و دوو به‌ڵگه‌یه‌ به‌م شێویه‌ ده‌ده‌نه‌وه‌ :   به‌نسبه‌ت ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌وه‌ كه‌ ده‌یكه‌ن به‌ به‌ڵگه‌ ( أنّ النبيّ صلى الله عليه وسلم أحلّ العربان في البيع ) وه‌ك بان حجر ده‌ڵیت : فه‌رمووده‌یه‌كی لاوازه‌ و بۆ ئه‌وه‌ ناشێت بكریت به‌ڵگه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا فه‌رمووده‌یكی ( مرسل ) ه‌ واته‌ له‌ سه‌نه‌ده‌كیدا ئه‌و هاوه‌ڵه‌ی كه‌ فه‌رمووده‌كه‌ی گێراوه‌ته‌وه‌ له‌ پێغه‌مبه‌ره‌وه‌ ( صلی الله علیه وسلم ) ناوی نه‌براوه‌ به‌ڵكو يه‌كسه‌ر ( تابعی ) یه‌ك ده‌ڵێت : پێغه‌مبه‌ری خودا وای فه‌رموو (23) .   وه‌ڵامی به‌ڵگه‌ی ( ئیستصحاب ) ه‌كه‌شیان : مه‌زهه‌بی ظاهری به‌م شێوه‌یه‌ وه‌ڵامیان ده‌ده‌نه‌وه‌ و ده‌ڵێن : " أنّ الأصل في العقود والشروط المنع إلاّ ما أوجبه الشارع وأباحه بنصّ من قرآن أو سنّة ثابتة " (24) واته‌ : ئه‌صڵ وبنه‌ما له‌ هه‌موو گرێ به‌ست ومامه‌ڵه‌ ومه‌رج دانانێكدا ڕێگری وقه‌ده‌غه‌كردنه‌، جگه‌ ئه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ شه‌ریعه‌تی پیرۆزی ئیسلام به‌ده‌قێكی قورئان یان سوننه‌تی ثابت بوو واجب یان موباحی كردبێت .    به‌ڵگه‌ی چواره‌میشیان : به‌ كرده‌وه‌ی هاوه‌ڵه‌ به‌ڕێزه‌كان وسه‌له‌فی صاڵحی ئومه‌تی ئیسلام كه‌ پێی ده‌وترێت : ( الأثر ) ده‌هێننه‌وه‌ : عه‌بدوڕه‌حمانی كوڕی فه‌رووخ ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ " أنّ نــافع بن الحــارث اشــترى دارا للســـجن مـن صفــوان بن أميّة بأربعـــة آلاف درهـــم، فــــإن رضـــي عمـــر فالبيــع له، وإن عمــر لـم يرض فـأربعـمـائة لصفوان " (25) واته‌ : نافعی كوڕی حارث خانوویه‌كی له‌ صه‌فوانی كوڕی ئومه‌یه‌ به‌ چوار هه‌زار درهه‌م كڕی بۆ ئه‌وه‌ی بیكات به‌زیندان, به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی ئه‌گه‌ر عومه‌ری كوڕی خه‌تاب ڕازی بێت ئه‌وه‌ مامه‌ڵه‌كه‌ ته‌واو ده‌كه‌ن وپاره‌كه‌ هه‌مووی ده‌ده‌نێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر عومه‌ر ڕازی نه‌بوو، ته‌نها چوارصه‌د درهه‌می بۆ صه‌فوان بێت .   ئه‌ثرم (26) ئه‌ڵێت : ووتم به‌ ئیمام ئه‌حمه‌د ئایا تۆش وای بۆ ده‌چیت ؟ ووتی : من چی بڵێم ئه‌وه‌ هه‌ڵوێستی عومه‌ری كوڕی خه‌تابه‌ له‌م باره‌یه‌وه‌، ئه‌وه‌ش لاوازی ئه‌و ڕیوایه‌ته‌یه‌‌ كه‌ له‌باره‌ی ڕیگری له‌ مامه‌ڵه‌ی ( بیع العربون ) ه‌وه‌ هاتووه ‌(27) .فه‌رمووده‌كه‌ش ئه‌گه‌ر چی ئیمامی بوخاری به‌‌فه‌رمووده‌یه‌كی ( معلق ) (28) ی باسكردووه‌، به‌ڵام جگه‌ له‌ ئه‌و كه‌سانی تر به‌سه‌ندی په‌یوه‌ست و نه‌بچڕاو هێناویانه‌، وه‌ك ئیمامی به‌هیقه‌ی و ابن أبي شیبة و عبد الرزاق، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه‌ ابن حزم له‌ كتێبه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ی خۆیدا ( المحلی ) به‌فه‌رمووده‌یه‌كی صه‌حیحی داناوه‌ (29) .به‌ڵگه‌یه‌كی پێنجه‌م : له‌سه‌ر دروستی ئه‌م مامه‌ڵه‌یه به‌ڵگه‌ی عه‌قڵ وژیریه‌، ئه‌ویش ده‌ڵێن : ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی كه‌ له‌ مامه‌ڵه‌ی ( بیع العربون ) دا كه‌سی فرۆشیار وه‌ری ده‌گرێت هه‌قێكی خۆیه‌تی ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ماوه‌یه‌دا وه‌ری ده‌گرێت كه‌ مۆڵه‌تی كه‌سی كڕیاری داوه‌ تاوه‌كو ڕه‌زامه‌ندی تێدا ده‌رببڕێت یان په‌شیمان ببێته‌وه‌ لێێ، چونكه‌ كڕیار له‌و ماوه‌یه‌دا ئه‌و هه‌ل و فورصه‌تانه‌ له‌فرۆشیاری ئه‌و كاڵایه‌ ‌زه‌وت ده‌كات تاوه‌كو بیفرۆشێت به‌كه‌سانی تر (30) .وه‌ڵامی ئه‌م به‌ڵگه‌یه‌ش به‌م شێوه‌یه‌ ده‌ده‌نه‌وه‌ :أ) ئه‌گه‌ر ئه‌م ووته‌یه‌ وابێت ده‌بوو له‌كاتێكدا كه‌ كه‌سی كڕیار ڕه‌زامه‌ندی ده‌رده‌بڕێت له‌سه‌ر ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ وكاڵاكه‌ وه‌رده‌گریت نه‌ده‌بوو ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی كه‌ له‌ثێشه‌وه‌ وه‌رگێراوه‌ به‌شێك بێت له‌نرخی كاڵاكه‌ .ب) چاوه‌ڕوانكردن له‌ كڕین وفرۆشتندا دروست نیه‌ بریتی له‌به‌رامبه‌ردا وه‌ربگیرێت، چونكه‌ ئه‌گه‌ر دروست بوایه‌ واجب بوو  ئه‌ندازه‌كه‌ی وه‌ك به‌كرێ گرتن دیار بێت (31).لــــه‌كــــۆتـــایـــدا :     ئه‌وه‌ ده‌مێنیته‌وه‌ بزانین ئایا ووته‌ی جمهوری زانایان ڕاستر وپه‌سه‌ندتره‌ یان ووته‌ی كۆمه‌ڵی دووه‌م له‌م مه‌سئه‌له‌یه‌دا :    گه‌ر سه‌یر بكه‌ین ده‌بینین كه‌ هه‌ردوولایان به‌ڵگه‌كانیان له‌قورئانی پیرۆز كۆمه‌ڵه‌ به‌ڵگه‌یه‌كی گشتیر و عامه‌ وهه‌ركۆمه‌ڵێكیان بۆخۆی ته‌فسیری بۆ ده‌كات، جمهوری زانایان ده‌ڵین ئه‌م جۆره‌ مامه‌ڵه‌یه‌ ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی خواردنی ماڵی حه‌ڵكه‌وه‌ به‌ناهه‌ق وه‌ك خوای گه‌وره‌ فه‌رمویه‌تی : ( يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُواْ لاَ تَأْكُلُواْ أَمْوَالَكُمْ بَيْنَكُمْ بِالْبَاطِلِ ...) كۆمه‌ڵی دووه‌میش دیسان به‌ڵگه‌كانیان له‌قورئانی پپرۆز به‌ڵگه‌ی گشتیه‌ وده‌ڵێن ئه‌صڵ وبنه‌ما له‌م جۆره‌ مامه‌ڵانه‌دا حه‌ڵاڵی وموباحیه‌ته‌ وحوكمه‌كه‌ی ده‌چێته‌ چوار چێوه‌ی ئه‌م ئایه‌ته‌وه‌ : ﴿يَسْـأَلُونَكَ مَاذَا أُحِلَّ لَهُمْ قُلْ أُحِلَّ لَكُمُ الطَّيِّبَاتُ﴾ .   به‌نسبه‌ت به‌ڵگه‌ی جمهوریشه‌وه‌ له‌ سوننه‌ت به‌ڵگه‌یان به‌دوو فه‌رمووده‌ هێناوه‌ته‌وه‌ كه‌ هه‌ردوكیان لاوازن وبۆ ئه‌وه‌ ناشێن بكرێن به‌به‌ڵگه‌ی حه‌رامی ئه‌م مامه‌ڵه‌یه‌، كه‌واته‌ ئه‌وه‌ی به‌ ڕاستر و راجح تری ده‌زانین، ڕای كۆمه‌ڵی دووه‌مه‌ كه‌ پێیان وایه‌ (بیع العربون) مامه‌ڵه‌یه‌كی موباح وڕێگه‌پێدراوه‌ ، ئه‌ویش له‌به‌ر لاوازی به‌ڵگه‌ی جمهور و به‌هێزی به‌ڵگه‌ی ڕای دووه‌م به‌تایبه‌تی ئه‌و ئه‌ثه‌ره‌ی كه‌ له‌نافعی كوڕی حارثه‌وه‌ گێڕڕاوه‌ته‌وه‌ كه‌ خانوه‌كه‌ی كڕی له‌ صه‌فوانی كوڕی ئومه‌یه‌ بۆ زیندانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی به‌ فه‌رمانی عومه‌ری كوڕی خه‌تاب ( خوای لێ ڕازی بێت ) .    كۆمه‌ڵی دووه‌میش به‌ڵگه‌یه‌كیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵین خوای گه‌وره‌ هه‌موو جۆره‌ مه‌نافع و سوود وه‌رگرتنێكی حه‌ڵاڵكردووه‌ له‌و شتانه‌ی كه‌ دروستی كردوون، ئه‌وه‌شی حه‌رام بێت به‌به‌ڵگه‌ی شه‌رعی حه‌رامی كردوون، جا بۆیه‌ ( بیع العربون ) یش ده‌چێته‌ چوار چێوه‌ی ئه‌و مه‌نافع و سوودانه‌وه‌ حه‌رام كردنیشی پێویسی به‌ به‌ڵگه‌ی ڕوون وئاشكرا له‌قورئانی پیرۆز سوونه‌تی ثابتی پێغه‌مبه‌ر ( صلی الله علیه وسلم ) هه‌یه‌، نه‌بوونی به‌ڵگه‌یه‌كی له‌م شێوه‌یه‌ش به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر دروستی و موباحی ئه‌م مامه‌ڵه‌یه‌، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه‌ دكتۆر ( وهبة الزحیلي ) ده‌ڵێت : "به‌مه‌زه‌نده‌ و ڕای من (بیع العربون) مامه‌ڵه‌یه‌كی ڕاست وردوسته‌ حه‌ڵاڵه‌ وه‌رگرتنی، ئه‌میش به‌پێی كاركردن به‌و داب ونه‌ریته‌ زۆره‌ی كه‌ حاڵی حازر به‌شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو هه‌ستی پێ ده‌كرێت " هه‌روه‌ها ده‌ڵێت : " تا وای لێهاتوه‌ ڕێچكه‌ی مامه‌ڵه‌ كردن به‌ پێشه‌كی ( بیع العربون ) له‌م سه‌رده‌مه‌دا بووه‌ به‌بنه‌ما وبناغه‌ی پێكه‌وه‌ گرێدانی مامه‌ڵه‌ بازرگانیه‌كان‌، كه‌ په‌یمان وبه‌ڵێنێك له‌خۆ ده‌گرێت به‌و پێیه‌ پابه‌ند ده‌بن به‌ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی كه‌سی به‌رامبه‌ر له‌تۆڵه‌ی ئه‌و چاوه‌ڕوانی وله‌كارخستنه‌ی كه‌ فرۆشیار توشی هاتووه‌، كه‌ به‌ده‌سته‌واژه‌ یاسایی وقانونیه‌كه‌ی پێی ده‌وترێت ( ضمان التعویض عن التعطل والانتصار ) .    بێگومان ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌ نیه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌رچی داب ونه‌ریتی بازرگانی له‌م سه‌رده‌مه‌دا به‌ په‌سه‌ندی زانی ئیتر به‌ڵگه‌ بێت له‌سه‌ر دروستی و حه‌ڵاڵی ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌، به‌ڵكو هه‌ر به‌ش وهه‌ر مامه‌ڵه‌یه‌ له‌و مامه‌ڵه‌ بازرگانیانه‌ پێویستی به‌ لێكۆڵێنه‌وه‌ و گه‌ڕان به‌دوای حوكمه‌ شه‌رعیه‌كه‌یدا هه‌یه‌، تاوه‌كو بزانین ئایا ده‌كرێت بخرێته‌ ژێر بنه‌مای ( الأصل فی الأشیاء الإباحة = هه‌موو شتێك له‌ بنه‌مادا حه‌ڵاڵ و ڕێگه‌ پێدراوه‌) یان جیاكردنه‌وه‌ی له‌و حوكمه‌ ئه‌صڵیه‌ی خۆی به‌به‌ڵگه‌یه‌كی قورئان یان سوننه‌ت یان قیاسی صه‌حیح ولای بدات بۆ حوكمێكی تر وموباحیه‌ته‌كه‌ی نه‌هێڵێت وحه‌رامی بكات .   ئه‌مه‌ش ئه‌و جه‌مع و لێكۆڵینه‌وه‌ زانستیه‌ بوو كه‌ به‌ پێی توانا خستمانه‌ به‌رده‌م ئێوه‌ی به‌ڕێز به‌و هیوایه‌ی خوای گه‌وره‌ وباڵاده‌ست لێی وه‌رگرتبین وپاشان جێگای ڕه‌زامه‌ندی ئێوه‌ش بێت .سبحانك اللهم وبحمدك أشهد أن لا اله إلا أنت أستغفرك وأتوب إلیكوالسلام علیكم ورحمة الله وبركاته په‌راوێزه‌كان : ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ(1)    سه‌یری لسان العرب لابن منظور(5/117) والقاموس المحيط للفيروز آبادي (4/248) بكه‌ .(2)   سه‌یری النهاية في غريب الحديث لابن الأثير (3/202)، والفائق في غريب الحديث للزمخشريّ (2/131).بكه‌ .(3)   سه‌یری الموطأ للإمام مالك كتاب البيوع باب العربان ( 4/ 57) من كتاب المنتقى للباجي، بكه‌ .(4)   سه‌یری المنتقى للباجي (4/57)، وبداية المجتهد لابن رشد الحفيد(2/61)، و التفريع لابن الجلاب (2/8)، و القوانين الفقهية لابن جزيّ (ص257) بكه‌ .(5)   سه‌یری المجموع شرح المهذّب للنووي (9/407)، و مغني المحتاج الشربيني (2/39) بكه‌ .(6)   سه‌یری المغني لابن قدامة (4/256)، والمبدع لابن مفلح (4/59) بكه‌ .(7)   سه‌یری المغني لابن قدامة (4/256)، والإنصاف للمرداوي (4/357) ومسائل الإمام أحمد برواية ابنه عبد الله (3/ 212) بكه‌ .(8)   سه‌یری مصنّف عبد الرزّاق (7/ 306)، والسنن الكبرى للبيهقيّ ( 6/ 34) بكه‌ .(9)    سه‌یری المصنّف لابن أبي شيبة (7/ 305- 306) بكه‌ .(10) سه‌یری الجامع لأحكام القرآن للقرطبيّ (5/ 150) بكه‌ .(11) سه‌یری أحكام القرآن لابن العربيّ ( 1/ 97) بكه‌ .(12) المجموع لابن تيمية ( 29/ 349)، إعلام الموقّعين ( 1/ 349) بكه‌ .(13) سه‌یری بداية المجتهد لابن رشد الحفيد (2/161) وشرح الزرقاني على الموطأ (3/250)، وسبل السلام للصنعاني (3/ 811) بكه‌ .(14) رواه مالك في الموطأ (2/ 609)، وأبو داود في سننه تحت رقم 3502، وابن ماجه في سننه تحت رقم 2193، والبيهقي في سننه الكبرى (5/342)، وأخرجه أيضا البغوي في شرح السنّة (8/135)..(15) سه‌یری بداية المجتهد لابن رشد (2/ 161)، ومعالم السنن للخطابي (5/143)، وسبل السلام للصنعاني (3/811 ) بكه‌ .(16) ســه‌ریری إحكام الأحكام لابن دقيق العيد (3/140)، ونيل الأوطار للشوكاني (5/153) بكه‌ .(17) سه‌یری بداية المجتهد لابن رشد (2/161) بكه‌ .(18) سه‌یری فتح القدير للشوكاني (1/60) بكه‌ .(19) رواه أبو داود في سننه (4/20)، وابن حزم في المحلّى (2/375) .(20) رواه البخاري في كتاب الشروط. انظر فتح الباري لابن حجر(5/380) .(21) سه‌یری مجموع الفتاوى لابن تيمية (3/411)،وإعلام الموقعين لابن القيّم(1/344) و(3/387) بكه‌ .(22) أخرجه ابن أبي شيبة في مصنّفه (7/304)، وعبد الرزّاق في مصنّفه (5/148) .(23) سه‌یری التلخيص الحبير لابن حجر العسقلاني (3/17) .(24) سه‌یری المحلى لابن حزم (8/375)، والإحكام في أصول الأحكام لابن حزم (5/2) بكه‌ .(25) أخرجه البخاريّ معلّقا في كتاب الخصومات. انظر فتح الباري لابن حجر (5/91)..(26) ئه‌ثره‌م : ناوی حه‌كیمی كوڕی ئه‌ثره‌می به‌صریه‌، ابن حبان له‌و كه‌سانه‌ی داناون كه‌ جێگه‌ی ثقه‌ ومتمانه‌ وباوه‌ڕ پێكراوون له‌ڕووی گێرانه‌وه‌ی فه‌رمووده‌وه‌، سه‌یری كتێبی الخلاصة لاپه‌ڕه‌ 91 بكه‌ .(27) سه‌یری المغني لابن قدامة (4/256)، وبدائع الفوائد لابن القيّم (4/84 ) .(28) فه‌رممووده‌ی معلق : به‌و فه‌رمووده‌یه‌ ده‌وتریت له‌ سه‌رتای سه‌نده‌كه‌یه‌وه‌ ڕاویه‌ك یان زیاتری له‌دوای یه‌ك بچڕابێت وباس نه‌كرابێت .(29) سه‌یری المحلّى لابن حزم (8/374 ) بكه‌ .(30) سه‌یری المغني لابن قدامة (4/256) بكه‌ .(31) سه‌یری المغني لابن قدامة (4/256) بكه‌ .

المرفقات

2

حوكمی شه‌رعی پێشه‌كی وه‌رگرتن له‌كڕین و فرۆشتن دا (بیع العربون )
حوكمی شه‌رعی پێشه‌كی وه‌رگرتن له‌كڕین و فرۆشتن دا (بیع العربون )